دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی پەروەردە خشتەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی بڵاوکردەوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکانەوە، خشتەی فەرمی و کۆتایی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی بۆ سەرجەم بەشەکان بڵاوکردەوە کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا دەست پێبکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی 5ـی 2026، لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ساڵی خوێندن، خشتەی فەرمیی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥-٢٠٢٦) ڕاگەیاند، کە سەرجەم بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و پیشەیی ناحکومی دەگرێتەوە.

بەپێی خشتەکە، پرۆسەی تاقیکردنەوەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک دابەش کراوە و تەنیا لە ڕۆژانی یەکشەممە و چوارشەممەی هەموو هەفتەیەکدا ئەنجام دەدرێن. یەکەم ڕۆژی تاقیکردنەوەکان دەکەوێتە ١٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦ و لە ٨ـی تەممووزی ٢٠٢٦ـیشدا کۆتاییان دێت.

سەبارەت بە دابەشبوونی بابەتەکانیش، تاقیکردنەوەکانی بەشی زانستی بە وانەی زیندەزانی و وێژەییش بە مێژوو دەست پێدەکەن و بە بابەتەکانی دیکەدا بەردەوام دەبن تاوەکو کۆتا ڕۆژ کە بۆ زمانەکانی تورکمانی، سریانی و ئایینی مەسیحی تەرخان کراوە. بە هەمان شێوەش بەشە پیشەییەکانی وەک پیشەسازی، بازرگانی، کشتوکاڵ و ئەوانی دیکەش بە وانە بنەڕەتییەکانی خۆیان دەست پێدەکەن و هاوتەریب لەگەڵ خوێندنگە ناحکومییەکاندا تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام دەدەن.

لە پاڵ ڕاگەیاندنی خشتەکەدا، وەزارەتی پەروەردە چەند ڕێنماییەکی گرنگیشی بڵاوکردووەتەوە. تاقیکردنەوەکان ڕۆژانە کاتژمێر ٧:٣٠ خولەکی بەیانی دەست پێدەکەن و پێویستە قوتابییان پێش ئەو کاتە لە هۆڵەکانیاندا ئامادە بن.

 هەروەها ئەگەر ڕۆژێکی تاقیکردنەوە هاوکات بێت لەگەڵ پشوویەکی فەرمیدا، ئەوا تاقیکردنەوەکە دەچێتە ڕۆژی دواتر. سەبارەت بە بەکارهێنانی ئامێری بژمێر (حاسیبە)ـش، قوتابییان تەنیا بۆیان هەیە ئەو جۆرە ئامێرانە بەکاربهێنن کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ڕێگەیان پێ دراوە و بەکارهێنانی هەر جۆرێکی دیکە بەتەواوی قەدەغەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP