دواین هەواڵ

جیهان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای پێکهێنانی حکومەت؛ سەدر پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی دەکات و داوای چاکسازیی خێرا دەکات

هەرێم نیوز

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە پێشهاتێکی نوێدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق ئەنجامدا و چەند داواکارییەکی گرنگی ئاراستە کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی 5ـی 2026، نووسینگەی ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە موقتەدا سەدر لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پیرۆزبایی پێکهێنانی حکومەتی نوێی لە عەلی زەیدی کردووە.

 لە پەیوەندییەکەدا، سەدر داوای لە سەرۆک وەزیران کردووە کە بە توندی دژی گەندەڵی بوەستێتەوە، سەروەریی عێراق بپارێزێت و دۆخی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان باشتر بکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم داواکارییانەی سەدر دوای ئەوە دێن کە ناوبراو پێداگری و ئیرادەیەکی جیدی لە سەرۆک وەزیرانی نوێدا بینیوە بۆ چاکسازیکردن لە وڵاتدا، هەر بۆیە داوای لێکردووە سامان و دەستکەوتەکانی عێراق بپارێزێت و ژیانێکی شایستە بۆ گەل دابین بکات.

موقتەدا سەدر کە پێشتر پرۆسەی سیاسی بایقۆت کردبوو، بەر لە دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی داوای لێکردبوو کە ئەو لایەنە سیاسییانەی باڵی چەکدارییان هەیە لە حکومەتەکەی دووربخاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP