هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بێزاریی خۆی لە بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمز و بوونی ناکۆکی لەنێوان سەرکردایەتیی ئێراندا نیشان دەدات؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێناچێت سەردانەکەی ئەم دواییەی ناوبراو بۆ چین، بووبێتە هۆی بەدیهێنانی هیچ پێشکەوتنێک لە دانوستانە نهێنییەکانی نێوان واشنتن و تاران.
سەرەڕای ئەوەی شی جێنپینگ، سەرۆکی چین پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان و پێویستیی کردنەوەی گەرووی هورمز دووپات کردووەتەوە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن هیچ پێشکەوتنێکی ڕاستەقینە لە ڕێبازی ئێراندا بەدی نەکراوە. ئەم دۆخەش وایکردووە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا و پنتاگۆن لەسەر بژاردەکانی داهاتوو دابەش ببن؛ بەشێکیان داوای لێدانی سەربازیی ئامانجدار دەکەن بۆ ناچارکردنی تاران بە پاشەکشە، و بەشێکی دیکەشیان هێشتا جەخت لەسەر دیپلۆماسی و فشاری ئابووری دەکەنەوە.
لەمبارەیەوە ئانا کێلی، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ هەموو بژاردەکانی لەبەردەستدایە، بەڵام بژاردەی پەسندکراوی ئەو هەمیشە دیپلۆماسییە". تێکچوونی زیاتری دۆخەکە لە کاتێکدایە کە تاران لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەی مانگی نیسانەوە ئامادە نەبووە مەرجەکانی بگۆڕێت، ئەمەش بێتاقەتیی سەرۆکی ئەمریکای زیاتر کردووە.
له لایهكی دیكهوه، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تایبەتی خۆی، وێنەیەکی بەلەمەکانی ئێرانی لە دەریادا بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "ئەمە ئارامیی پێش زریانەکەیە"، هاوکات هۆشداریی داوەتە تاران کە پێویستە ڕێککەوتن بکات بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دۆخێکی خراپتر نەبێتەوە.
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی سەربازیی ئێران ئاستی ئامادەباشیی هێزەکانیان بەرزکردووەتەوە و هۆشداری دەدەن کە هەر حیساباتێکی هەڵەی ئەمریکا، بە هێرشی بەرفراوان و هاوکات بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن و ژێرخانی ناوچەکە وەڵام دەدەنەوە، ڕاشیانگەیاندووە کە ئەمجارە بانکی ئامانجەکانیان زۆر فراوانتر کراوە.
هاوکات لەگەڵ چەقبەستوویی دانوستانەکان، دەوڵەتی پاکستان کە ماوەیەکە ڕۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی ڕەوانەی تاران کردووە؛ سەرچاوە فەرمییەکانی ئیسلام ئابادیش دووپاتی دەکەنەوە کە ئەوان بەوپەڕی جددییەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی واشنتن و تاران ڕازی بکەن نەرمی لە دانوستانەکاندا بنوێنن.