هەرێم نیوز
لە ئۆپەراسیۆنێکی توند و چاوەڕواننەکراودا، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا توانیویانە محەمەد باقر سەعدی، یەکێک لە سەرکردە دیار و "پیاوە سێبەرەکانی" کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق لەناو خاکی تورکیادا دەستگیر بکەن؛ ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شۆک و بومەلەرزەیەکی سیاسی و ئەمنی لە بەغدا و ئەنقەرە.
بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان، محەمەد باقر سەعدی کە بە داڕێژەری چالاکییە دەرەکییەکانی کەتائیب و جێگرەوەی ئەبو مەهدی موهەندیس دادەنرێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی "بروسکەیی" هێزە تایبەتەکانی ئەمریکادا لە ناوچەیەکی خاکی تورکیا کەوتووەتە داوەوە و لە ئێستادا گواستراوەتەوە بۆ ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
واشنتۆن ڕایگەیاندووە کە سەعدی ڕووبەڕووی قورسترین تۆمەتەکانی تیرۆر دەبێتەوە و تۆمەتبارە بەوەی مێشکی داڕێژەری ئەو هێرشانە بووە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان لە دەرەوەی عێراق کردووەتە ئامانج.
پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق بە توڕەییەوە کاردانەوەی نیشاندا و پەنجەی تۆمەتی خیانەتی بۆ دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و لایەنێکی نادیار لەناو حکومەتی عێراق درێژ کرد؛ گروپەکە ڕایگەیاندووە: "ئەم ئۆپەراسیۆنە بەبێ هەماهەنگیی هەواڵگری و خیانەتی ناوخۆیی و ئیقلیمی جێبەجێ نەکراوە."
ئەم پێشهاتە ترسی گەورەی لەناو سەرکردەکانی دیکەی گروپە چەکدارەکاندا دروستکردووە، بە شێوەیەک کە چوارچێوەی هەماهەنگی کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و ڕێنمایی بەپەلە دراوەتە سەرکردەکان بۆ ئەوەی شوێنی حەوانەوەی خۆیان بگۆڕن و ڕێکاری توندی ئەمنی بگرنەبەر.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەم دەستگیرکردنە نیشانەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا قۆناغی "ڕاوکردنی مەیدانیی" سەرکردە داواکراوەکانی دەستپێکردووە و بازنەی پارێزراوی گروپە چەکدارەکان لە دەرەوەی سن وورەکانی عێراقیشدا تەسک بووەتەوە.