هەرێم نیوز
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، توانیویانە سەرکردایەتیی بزووتنەوەی حەماس لەناو ببەن و لە ئێستاشدا چاویان لەسەر ئێرانە و بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی 5ـی 2026، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا دوایین پێشهاتەکانی جەنگ و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی خستە ڕوو. نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانیان سەرکردایەتیی حەماسیان بەتەواوی لەناو بردووە و لە ئێستاشدا لە لێواری تەواوکردنی ئەرکەکەیاندان بۆ لەناوبردنی سەرجەم ئەو کەسانەی کە داڕێژەری هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر بوون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تیشکی خستە سەر مەترسییەکان و دۆخی ناوچەکە، و بە ڕوونی ڕایگەیاند کە بەتەواوی چاویان لەسەر ئێرانە و هێزەکانیان ئامادەی مامەڵەکردنن لەگەڵ هەموو سیناریۆیەکی پێشبینیکراودا.
هەر لە لێدوانەکەیدا، نەتانیاهۆ ئاشکرای کرد کە بڕیارە لە نزیکترین کاتدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
ڕوونیشیکردەوە کە ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی سەردانەکەی ئەم دواییەی ترەمپە بۆ چین، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێکی دیکەی گرنگ و هاوبەش.