دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

نیویۆرک تایمز: ئێران گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ هێرشی نێودەوڵەتی بەکاردەهێنێت

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ـی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، مەترسییەکی گەورە لای ئەمریکا دروست بووە سەبارەت بەوەی ئێران گرووپە چەکدارەکانی عێراق وەک جێگرەوەی سوپای پاسداران بۆ ئەنجامدانی هێرشی نێودەوڵەتی بەکاردەهێنێت.

ئەمڕۆ شەممە، 16ـی 5ـی 2026، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە لەلایەن میدیاکانی عێراقەوە گواستراوەتەوە، تێیدا هاتووە کە دەستگیرکردنی کەسێک بە ناوی (محەممەد سەعدی) لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە، ئەو ڕاستییەی بۆ واشنتن سەلماندووە کە ئێران لە ئێستادا ئەو میلیشیا و گرووپە چەکدارانەی لە عێراقەوە نزیکن لێی، بۆ پلاندانان و جێبەجێکردنی هێرشی نێودەوڵەتی و بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ڕۆژئاوا بەکاردەهێنێت.

ڕۆژنامەکە ڕوونیکردووەتەوە، پێشتر سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵی داوە ئۆپەراسیۆن و تیرۆرکردن لە ناوخۆی ئەمریکا ئەنجام بدات، وەک پلاندانان بۆ بەئامانجگرتنی دۆناڵد ترەمپ و مەسیح عەلینەژاد، چالاکوانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی. بەڵام لە ئێستادا سوپای پاسداران بازنەی کارەکانی فراوانتر کردووە بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارە عێراقییەکان لە دەرەوەی ناوچەکانی ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێدانی ڕاستەوخۆی ڕۆژئاوا بەکاربهێنێت.

لەم بارەیەوە ئارۆن زێلین، شارەزا لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، ئەم هەنگاوە زۆر مەترسیدارە، چونکە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە ستراتیژیی ئێراندا بۆ بەکارهێنانی زیاتری ئەوەی پێی دەوترێت (میحوەری مقاوەمە) و تێوەگلانیان لە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان لە ڕۆژئاوا.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی محەممەد سەعدی، سێ بەرپرسی عێراقی بە نیویۆرک تایمزیان پشتڕاست کردووەتەوە کە هەرچەندە زانراوە ئەو کەسە پەیوەندیی بە گرووپە چەکدارەکانی ناو عێراق و بەرپرسانی ئێرانییەوە هەبووە، بەڵام پەیوەندییەکەی بە (کەتائیبی حزبوڵڵا)ـی عێراقییەوە لای حکومەتی عێراق نەزانراو بووە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تاوەکو ئێستا کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی هیچ هەڵوێستێکی فەرمیی سەبارەت بە دەستگیرکردنی سەعدی و تێوەگلانیان لەو هێرشانەدا دەرنەبڕیوە، و دۆسیەکە هێشتا بە تەمومژاویی ماوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP