دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیمارات هۆکاری کشانەوەی لە ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس ئاشکرا دەکات

هەرێم نیوز

وەزیری وزەی ئیمارات ڕایگەیاند، بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانیی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس بڕیارێکی سەروەری و ستراتیژییە کە پەیوەستە بە بەرژەوەندیی نیشتمانی و سیاسەتی داهاتووی بەرهەمهێنانەوە، و ڕەتیشی کردەوە هیچ پاڵنەرێکی سیاسی لەپشت ئەو بڕیارەوە هەبێت.

ئەمڕۆ شەممە، 16ـی 5ـی 2026، سوهەیل مەزرووعی، وەزیری وزەی ئیمارات لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (ئێکس) بڵاویکردەوە، بڕیاری کشانەوەیان لە هاوپەیمانییەکە دوای پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە سیاسەتی بەرهەمهێنانی نیشتمانی و تواناکانی داهاتووی ئیمارات لە کەرتی وزەدا هاتووە.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە بە هیچ شێوەیەک گوزارشت نییە لە بوونی ناکۆکی لەگەڵ هاوبەشەکانیان لەناو ڕێکخراوەکەدا.

وەزیری وزەی ئیمارات ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی لە سۆنگەی ڕۆڵی وەک دابینکارێکی متمانەپێکراوی وزە، بەردەوام دەبێت لە پابەندبوونی بە پشتگیریکردنی سەقامگیریی بازاڕەکانی وزەی جیهانی. ڕوونیشی کردەوە کە کشانەوەکەیان تەنیا پشت بە ڕەچاوکردنی لایەنی ئابووری و ستراتیژیی درێژخایەن دەبەستێت.

جێی باسە، ئیمارات بە یەکێک لە گەورەترین وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی ناو هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس دادەنرێت، بۆیە پێدەچێت ئەم بڕیارە کاریگەریی گەورەی لەسەر هاوسەنگیی بازاڕی نەوتی جیهانی هەبێت و هەژموونی ڕێکخراوەکە کەم بکاتەوە، ئەمەش لە سایەی پێشبینییەکان بۆ زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیە کە هێزی سەرەکیی ناو هاوپەیمانییە نەوتییەکەیە.

پێشتریش ئیمارات بە فەرمی کشانەوەی خۆی لە ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس لە یەکی ئایاری ٢٠٢٦ـەوە ڕاگەیاندبوو، بەو پێیەی بڕیارەکە لەگەڵ دیدگای ئابووری و ستراتیژیی داهاتووی وڵاتەکەدا دەگونجێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP