دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

نیویۆرک تایمز: ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشی چڕ و دابەزاندنی هێزی تایبەت لە ئێران دەکەن

هەرێم نیوز

وەزیری ناوخۆی پاکستان بە سەردانێکی کتوپڕ گەیشتە تاران؛ ئەمریکا و ئیسرائیلیش ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ دەکەن.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران (ئیرنا) کە لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە لە ئیسلام ئاباد گواستوویەتیەوە، موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان بە سەردانێکی پێشتر ڕانەگەیەندراو گەیشتووەتە تاران و بڕیارە لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

 پێشتریش لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، ئەو وەزیرە یاوەریی سوپاسالاری وڵاتەکەی کردبوو بۆ تاران لە سەردانێکدا کە سێ ڕۆژی خایاند و تایبەت بوو بە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.

سەرباری ئەوەی هێشتا بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە کە ئایا وەزیرە پاکستانییەکە هیچ پەیامێکی نوێی ئەمریکای بۆ تاران پێیە یان نا، بەڵام سەردانەکەی لە کاتێکدایە کە ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) ئاشکرای کردووە، ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسە سەربازییەکانیان دژی ئێران.

 ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ داڕمانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان تاران و واشنتن.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چین گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری یەکلاکەرەوە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بدات.

 ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ترەمپ خۆی ڕایگەیاندبوو، یەکەمین ڕستەی دوایین پێشنیازی ئێرانی بۆ ڕێککەوتن بە دڵ نەبووە و فڕێی داوەتە تەنەکەی خۆڵەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، ڕاپۆرتەکان لە زاری وەزیری بەرگریی ئەمریکاوە باس لەوە دەکەن، ئەگەر هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران دەست پێبکەنەوە، ئەمجارەیان هێرشی ئاسمانیی چڕتر بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای پاسداران و ژێرخانی سەربازیی ئێران جێبەجێ دەکرێت.

 ئەمەش لە پاڵ بوونی سیناریۆی دابەزاندنی هێزی تایبەت لەسەر خاکی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو، بەتایبەتی لە وێستگەی ئەتۆمیی ئەسفەهان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP