دواین هەواڵ

عێراق‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

فالح فەیاز و ئەحمەد ئەسەدی لە هاوپەیمانییەکەی سودانی جیابوونەوە

هەرێم نیوز

درز دەکەوێتە ناو ماڵی شیعە و هەردوو کوتلەی "بەڵێنی نیشتیمانی" و بزووتنەوەی "سومەریون" بە فەرمی جیابوونەوەی خۆیان لە ئیئتیلافەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو ڕاگەیاند.

فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە هۆکاری کشانەوەیان بۆ "پەراوێزخستن و بێبەشکردن" لە شایستە سیاسییەکان دەگەڕێتەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە:

"ئەوەی دوێنێ لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە حکومەتەکەی عەلی زەیدی ڕوویدا، خۆدزینەوەیەکی ڕوون بوو لە ڕێککەوتنە سیاسییەکان و شکاندنی ئەو بەڵێنانەی کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتبووین."

هەردوو لایەنەکە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئیئتیلافی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە بەرژەوەندی تاکەکەسی خستووەتە سەروو بەرژەوەندی نیشتمانی و هەوڵی داماڵینی شایستە دەستوورییەکانی ئەوانی داوە لە پۆستە وەزارییەکاندا.

لە ئێستادا، فالح فەیاز و ئەحمەد ئەسەدی بڕیاریانداوە وەک "گرووپێکی پەرلەمانتاری نیشتمانی" کار بکەن و ڕایانگەیاندووە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کوتلەیەکی نوێی پەرلەمانی ڕادەگەیەنن کە بنەمای پشکپشکێنە ڕەتدەکاتەوە.

ئەم ئاڵۆزییە سیاسییانە لە کاتێکدایە کە دوێنێ پەرلەمانی عێراق تەنیا متمانەی بە ١٤ وەزیری کابینەکەی عەلی زەیدی بەخشی.
بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر بەشداریی ئەو گرووپە چەکدارانەی نزیکن لە ئێران، دەنگدان لەسەر ٩ وەزارەتەکەی دیکە بۆ دوای جەژنی قوربان دواخراوە، ئەمەش نیگەرانیی قووڵی لای ئەو هێزە شیعییانە دروستکردووە کە لە پۆستەکان بێبەش کراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP