دواین هەواڵ

عێراق‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی گواستنەوە: فڕۆکەخانەی بەغدا بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە و هێڵی ئاسمانیی تورکیاش دەگەڕێتەوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، دوای پەککەوتنی هاتوچۆی ئاسمانی بەهۆی پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە چەند مانگی داهاتوودا توانای تەواوەتیی کارکردنی بەدەست دەهێنێتەوە، و ئەمڕۆش هێڵی ئاسمانیی تورکیا گەشتەکانی دەست پێدەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی 5ـی 2026، مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "هاتوچۆی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا وردە وردە ئاسایی بووەتەوە و دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی، ئەوەش لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتە بەرنامەبۆداڕێژراوەکانی هێڵە ئاسمانییە عەرەبی و بیانییەکان، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی گواستنەوەی ئاسمانیی زیارەتکاران بۆ عەرەبستانی سعوودیە."

سافی ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ڕاگرتنی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ، هەر ئەمڕۆ هێڵی ئاسمانیی تورکیا گەشتەکانی بۆ عێراق دەست پێدەکاتەوە. هەروەها وڵاتان و هێڵە ئاسمانییەکانی دیکەش لە مانگی داهاتوودا گەشتەکانیان دەست پێدەکەنەوە، کە دیارترینیان سوڵتانییەتی عومانە.

لە لایەکی دیکەوە، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕایگەیاند، لە ئێستادا فڕۆکەخانەکە بە خشتەیەکی ئاسایی کار دەکات و ژمارەی سەرنشینانی هاتن و ڕۆیشتن بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. جەختیشی لەوە کردەوە کە وەزارەتەکە بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی سەرجەم گەشتە ڕاگیراوەکان لە قۆناغی داهاتوودا، شانبەشانی پلانی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا.

جێی باسە، لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە (28ـی 2ـی 2026)، تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگیران، بەڵام لە (11ـی 4ـی 2026) و دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان هەردوولادا، وردە وردە گەشتەکان دەستیان پێکردەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP