هەرێم نیوز
عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان ڕایگەیاند، کە لە دانیشتنی سبەی پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراقدا، لە کۆی ٢٣ وەزارەت دەنگ لەسەر ١٩ وەزارەت دەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٣ـی ٥ـی ٢٠٢٦، عەباس عامری لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی ئەنجومەنی ئەتڵەنتیک ئاشکرای کرد، کە وەزارەتی نەوت یەکێک دەبێت لەو ١٩ وەزارەتەی کە سبەی متمانەی پەرلەمان وەردەگرن.
عامری جەختی لەوە کردەوە، کە عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکی جێگیر و هەمیشەیی لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت کە پەیوەست نەبێت بە ئیدارەیەکی دیاریکراوەوە.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ و گرووپە چەکدارەکان، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بە بوونی لێکتێگەیشتنی سیاسیی باش لەنێوان سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو و هێزە سیاسییەکان کرد.
وتیشی: "گەیشتووینەتە قۆناغێک کە دەبێت پەیوەندییەکانی دەرەوە تەنیا لە دەسەڵاتی حکومەتدا بن". ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئاگربەستێک هەیە بۆ هێرش نەکردنە سەر دامەزراوە حکومی و نەوتییەکان.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، عەباس عامری عێراقی بە دەوڵەتێکی نەوتی وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم حکومەتە نوێیە لە ڕووی سروشتەوە هاوشێوەی ئیدارەی ئێستای ئەمریکایە کە ئیدارەیەکی سەرمایەدارییە