دواین هەواڵ

وەرزش‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

مێژوو نوسراوەوە؛ ئامەدسپۆر گەیشتە سوپەرلیگی تورکیا و شارەکانی باکوور دەلەرزێنن

هەرێم نیوز

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا، بلیتی گەیشتن بە خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ)ی بەدەستهێنا، ئەمەش دوای وەرزێکی پڕ لە کێبڕکێ و ململانێی توند لە خولی پلە یەکی وڵاتەکەدا.

لە دوایین گەڕی خولەکەدا، ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی یانەی ئیدر. یارییەکە ئاستێکی بەرز و دراماتیکی بەخۆیەوە بینی و بە یەکسانبوونی هەردوولا بە ٣ گۆڵ بۆ هەر لایەکیان کۆتایی هات. بەم ئەنجامە و بە سوودوەرگرتن لە یەکسانبوونی یانەی ئێرۆک بەرامبەر پێندیک، ئامەدسپۆر وەک خاوەنی پلەی دووەمی ڕیزبەندی، ڕاستەوخۆ سەرکەوت بۆ سوپەرلیگ.

ئامارەکانی ئامەدسپۆر لە وەرزێکی مێژوویدا
یانەکەی دڵی باکوور، وەرزێکی ناوازەی بەڕێکرد کە تێیدا:
• ئەنجامی یارییەکان: لە ٣٨ یاری، ٢١ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ١١ یەکسانبوون و تەنیا ٦ شکست.
• خاڵ و گۆڵ: ٧٤ خاڵی کۆکردەوە و ٨١ گۆڵی تۆمارکرد، کە بەوەش بووە دووەم بەهێزترین هێڵی هێرشبەر لە خولەکەدا.
• گۆڵکاری خول: ئێمبای دیانێ، هێرشبەری سەنیگالی یانەکە بە تۆمارکردنی ٢٩ گۆڵ، نەک هەر بووە گۆڵکاری خولەکە، بەڵکو ڕیکۆردی زۆرترین گۆڵی لە وەرزێکی خولی پلە یەکدا یەکسانکردەوە.

ئاهەنگی سەرکەوتن و پیرۆزباییەکان
دوای فیکەی کۆتایی، شەقامەکانی ئامەد، ئیستەنبوڵ و شارەکانی تری باکووری کوردستان پڕ بوون لە هاندەران و ئاهەنگی مێژوویی گێڕدرا. لە باشووری کوردستانیشەوە، هەردوو یانەی زاخۆ و دهۆک بە فەرمی پیرۆزباییان لە ئامەدسپۆر کرد.
• یانەی زاخۆ: "پیرۆزە دڵی کوردان.. ئەم دەستکەوتە مێژووییە بۆ هەموو کوردە و بەردەوام پاڵپشتتان دەبین."
• یانەی دهۆک: "شانازی بە ئامەدەوە دەکەین، ئەوەی ئەمڕۆ کردتان دڵی هەموو کوردێکی خۆشکرد."

سەرتاچ کۆچۆکبایراک؛ ئەندازیاری سەرکەوتن
ئامەدسپۆر ئەم وەرزە چوار ڕاهێنەری گۆڕی، بەڵام (سەرتاچ کۆچۆکبایراک) کە تەنیا چوار ڕۆژ پێش گەڕی کۆتایی پۆستەکەی وەرگرت، توانی بەڵێنەکەی بباتە سەر و یانەکە بگەیەنێتە خەونی گەورە، کە یارییکردنە لە سوپەرلیگی تورکیا بۆ وەرزی داهاتوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP