هەرێم نیوز
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی سوپای وڵاتەکەیدا، پەیامێکی توندی ئاڕاستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرگریکردن لە خاکی ئێران.
ئەمڕۆ هەینی، 17ـی 4ـی 2026، ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران (ئەرتەش) لە پەیامێکی هەڕەشەئامێزدا ڕایگەیاند: "بەنیازێکی پتەو، چاوێکی کراوە و ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە دەستمان لەسەر پەلەپیتکەیە، دەبێت لێرە بەدواوە ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر بترسن."
حاتەمی جەختی لەوە کردەوە کە سوپای ئێران ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و دەستدرێژییەکی دوژمنانە و تاوەکو دوا هەناسە پابەندی بەڵێنەکەیان دەبن بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی ئێران.
ئەم پەیامە توندەی تاران لە کاتێکدایە کە دوێنێ شەو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستێکی ١٠ ڕۆژەی لە لوبنان ڕاگەیاندبوو و باسی لە نزیکبوونەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران کردبوو، بەڵام وادیارە فەرماندە سەربازییەکانی ئێران دەیانەوێت پەیامی جیاواز بدەنە واشنتن.