هەرێم نیوز
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، هۆشداریی گەشتکردنی بۆ وڵاتەکەی لە ئاستی چوارەمدا هێشتەوە و داوا لە هاووڵاتییانی دەکات، کە گەشت بۆ عێراق نەکەن، هەروەها داواش لەو ئەمریکییانە دەکات کە لە عێراقدان، بەپەلە و لە ڕێگەی وشکانییەوە وڵاتەکە جێبهێڵن.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٦، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، چەندین هێرشیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە نزیک ناوەندی پشتیوانیی دیپلۆماسی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ئەنجام داوە.
باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پێدەچێت ئەم گرووپانە پلانی هێرشی زیاتریان هەبێت دژی هاووڵاتییانی ئەمریکی و بەرژەوەندییەکانیان لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان. هەروەها ڕوونیکردووەتەوە، کە ڕەنگە ئەو گرووپانە پلانی بەئامانجگرتنی دامەزراوە دیپلۆماسییەکان، شوێنە بازرگانییەکان، زانکۆکان، ژێرخانی وزە، هۆتێلەکان و فڕۆکەخانەکان هەبێت، و هۆشداریشی داوە لە ئەگەری ڕفاندنی هاووڵاتییانی ئەمریکی.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هەرچەندە دەسەڵاتدارانی عێراق کردنەوەی ئاسمانی وڵات و دەستپێکردنەوەی گەشتە بازرگانییەکانیان ڕاگەیاندووە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی هەڕەشەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئامۆژگاریی هاووڵاتییانیان دەکەن کە گەشتی ئاسمانی نەکەن و لەبری ئەوە، لە ڕێگەی وشکانییەوە (بەرەو ئوردن، کوێت، سعودیە و تورکیا) عێراق جێبهێڵن.
لە کۆتاییدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە نوێنەرایەتییەکانیان سەرەڕای کەمکردنەوەی ناچاریی ژمارەی کارمەندەکانیان، بەردەوامن لە کارکردن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بە هاووڵاتییانیان، بەڵام داوایان لێ دەکەن کە بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە، هەوڵی سەردانیکردنی باڵیۆزخانەی بەغدا و کونسوڵگەریی گشتی لە هەولێر نەدەن، و تەنیا لە ڕێگەی ئیمەیڵە فەرمییەکانەوە پەیوەندییان پێوە بکەن.