هەرێم نیوز
وتەبێژی بڕیارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران، لە پەیامێکدا سوپاسی هەڵوێستی گەلی عێراق دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کە بەغدا لە سەرجەم ئەو سنووردارکردنانە بەدەر دەکرێت کە تاران خستوویەتییە سەر گەرووی هورمز، هاوکات داواش دەکات کۆتایی بە بوونی ئەمریکا لە عێراق بهێنرێت.
ئەمڕۆ شەممە 4ی نیسانی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی بڕیارگەی خاتەمولئەنبیای سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە پەیامێکدا کە ئاراستەی گەلی عێراقی کردووە ڕایگەیاند، کە ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر سەروەریی وڵاتەکەیان، و ئاماژەی بەوەش کرد کە لەو هێرشانەدا هاووڵاتییانی مەدەنی، منداڵان، ژنان، و هەروەها قوتابخانە و ناوەندە تەندروستییەکان کراونەتە ئامانج.
ناوبراو ستایشی هەڵوێستی عێراقییەکانی کرد و ڕوونیکردەوە، کە لەم کاتەدا گەلی عێراق هەڵوێستێکی گونجاویان بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەبووە، و ئەو پشتیوانییەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئیرادەی تاران بۆ بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەکان. سەبارەت بە گەرووی هورمزیش، گوتەبێژەکەی ئێران ئاشکرای کرد، کە عێراق لە هەر جۆرە سنووردارکردنێک کە لەو گەرووەدا دایانناوە بەدەر دەکرێت، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بڕیارە تەنیا وڵاتانی بەرامبەریان دەگرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، ئیبراهیم زولفەقاری ئاماژەی بەوە کردووە، کە بارودۆخی ئێستا دەرفەتێکی مێژووییە بۆ عێراق تاوەکو کۆتایی بە بوونی ئەمریکا لەسەر خاکەکەی بهێنێت. لە کۆتاییشدا، ڕێزی خۆی بۆ کوژراوانی عێراق، هێزەکانی حەشدی شەعبی، گرووپە چەکدارەکان و مەرجەعییەتی باڵای شیعە لە عێراق دەربڕی، و جەختی لەوە کردەوە کە گەلانی ئێران و عێراق پێکەوەن لەم قەیرانەدا.