هەرێم نیوز
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای دەکات، کە محەممەد شیاع سوودانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کەرتی نەوتی کردووە و تێیدا پرسی کشانەوەی کۆمپانیای لوک ئۆیڵی ڕووسی و کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر بازاڕی نەوت تاوتوێ کراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی نیسانی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و نەوت و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی تایبەتمەند، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کەرتی نەوتی کردووە.
ڕاگەیەندراوەکە ڕوونیکردووەتەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا چوارچێوە یاساییەکان بۆ پەسەندکردنی یەکلاکردنەوەی کۆتایی لەگەڵ کۆمپانیای (لوک ئۆیڵ)ی ڕووسی کە لە کێڵگەی نەوتیی خۆرئاوای قورنەی 2 کشاوەتەوە، و هەروەها هۆکارەکانی سستبوون و دواکەوتنی ئەو پرۆسەیە تاوتوێ کراون.
لەم بارەیەشەوە، خاڵە بنەڕەتییەکان یەکلا کراونەتەوە و زەمینەسازییە یاساییەکان داڕێژراون، بۆ ئەوەی ڕاسپاردەی کۆتایی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت تاوەکو بڕیاری پێویستی لەسەر بدرێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی نەوت کردووە لە سایەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە بەهۆی بەردەوامیی جەنگ و فراوانبوونی بازنەکەیەوە ڕووبەڕووی ئەو کەرتە بوونەتەوە، هاوکات باس لەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆیانەش کراوە کە ئەو دۆخە لەسەر ئابووریی ناوچەکە و جیهان دروستی دەکات.