دواین هەواڵ

عێراق‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداریی هێرشێکی گەورە دەداتە بەغدا

هەرێم نیوز

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، هۆشدارییەکی ئەمنیی توند بڵاودەکاتەوە و داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بەپەلە عێراق جێبهێڵن، ئەمەش بەهۆی ئەگەری هێرشی میلیشیاکان لە 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوودا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی نیسانی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە لەوانەیە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوودا هێرش بکەنە سەر ناوەڕاستی بەغدا، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات دەستبەجێ و بەپەلە عێراق جێبهێڵن.

باڵیۆزخانەکە لە پەیامەکەیدا ڕوونیکردووەتەوە، کە ئەو میلیشیایانە پێشتر هێرشی فراوانیان کردووەتە سەر هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، و پێشبینی دەکرێت خەڵکی مەدەنی، کۆمپانیاکان، زانکۆکان، دامەزراوە دیپلۆماسییەکان و فڕۆکەخانەکان بکەنە ئامانج. هاوکات، هۆشداریش دەدات کە مەترسیی ڕفاندنی ئەمریکییەکان لەلایەن ئەو گرووپانەوە هەیە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئاسمانی عێراق داخراوە و گەشتی ئاسمانیی مەدەنی بەردەست نییە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییانی ئەمریکی لە ڕێگەی دەروازە وشکانییەکانی وڵاتانی دراوسێوە وەک ئوردن، کوێت، عەرەبستان و تورکیاوە وڵاتەکە جێبهێڵن. هەروەها، ڕەخنەی توندیش لە حکوومەتی عێراق گیراوە و ئاماژە بەوە کراوە، کە حکوومەت نەیتوانیوە ڕێگری لەو هێرشانە بکات و تەنانەت لەوانەیە بەشێک لە هێرشبەرەکانیش ناسنامەی فەرمیی حکوومەتی عێراقیان پێ بێت.

سەبارەت بە ڕێکارەکانی گەشتکردنیش، باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕێنمایی داوەتە هاووڵاتییانی کە دەتوانن لە ڕێگەی وشکانییەوە بچنە وڵاتانی دراوسێ و ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزا و تێپەڕبوونیان بۆ ڕوونکردوونەتەوە، بەڵام هۆشداریشی داوە کە پێشبینیی دواکەوتنێکی زۆر دەکرێت لەسەر سنوورەکان، بۆیە دەبێت زۆر وریای دۆخی ئەمنیی خۆیان بن و بە هیچ شێوەیەک سەردانی باڵیۆزخانە لە بەغدا یان کونسوڵخانە لە هەولێر نەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP