هەرێم نیوز
شارەزایەکی ئابووری ئاشکرای دەکات کە دواکەوتنی وەزارەتی بازرگانی لە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە، بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا و قورساییەکی زۆری خستووەتە سەر شانی هاووڵاتییان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی نیسانی 2026، محەمەد حەسەنی، شارەزای ئابووری بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕایگەیاند، کە دواکەوتنی وەزارەتی بازرگانی لە دابەشکردنی کەلوپەلەکانی سەبەتەی خۆراک، وای کردووە بەشێکی زۆری هاووڵاتییان ڕوو لە بازاڕە ناوخۆییەکان بکەن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان، ئەمەش قەبارەی خواستی زیاد کردووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کە نرخی هەندێک ماددە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بۆ نموونە نرخی زەیت و دۆشاوی تەماتە لە 2500 دینارەوە بۆ 3000 دینار بەرز بووەتەوە، واتە بە ڕێژەی نزیکەی 20%، کە ئەمەش بارگرانیی دارایی خێزانەکانی زیاد کردووە.
هەروەها ئاشکراشی کرد، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە وەزارەتی بازرگانی تەنیا یەک بەشەخۆراکی دابەش کردووە، ئەمەش قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامیی گرانبوونی خۆراک و دابەزینی توانای کڕینی هاووڵاتییان.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق جەختی لە بەردەوامیی دابینکردنی سەبەتەی خۆراک بە شێوەیەکی ڕێکخراو کردەوە و ڕایگەیاند، کە یەدەگێکی ستراتیژییان هەیە کە سەقامگیریی بازاڕ دەپارێزێت و ڕووبەڕووی بارودۆخە لەناکاوەکان دەبێتەوە.
سەرباری ئەمەش، هاووڵاتییان بەردەوامن لە سکاڵاکردن لە گرانیی نرخەکان و پچڕپچڕیی دابەشکردنی بەشەخۆراک، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی فۆرمی خۆراک لە ساڵانی نەوەدەکان و سەردەمی گەمارۆی ئابووری لە دوای ساڵی 1990، کە لە دوای ساڵی 2003یشەوە بەردەوام ڕووبەڕووی کێشەی جۆراوجۆر و نەگەیشتنی پاڵپشتییەکان بە شایستەکان بووەتەوە.