هەرێم نیوز
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای دەکات کە بۆ بەردەوامبوونی دابەشکردنی مووچە و خەرجییەکان لەم دۆخەدا دەبێت پشتی بە 3 سەرچاوەی سەرەکی ببەسترێت و پێدانی مووچەش بەبێ وەستان بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئاداری 2026 مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند کە بەردەوامیی خەرجییەکانی مانگانە و مووچە و کرێ و مووچەی خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی لە سایەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکانی ئێستادا دەبێت پشت بە 3 سەرچاوەی سەرەکیی داهات ببەسترێت ئەویش لەپێناوی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و دابەشکردنی مووچەی مانگانە و ئاماژەی بەوەش دا کە 3 ڕێگا و 3 سەرچاوە هەیە بۆ ئەوەی مووچە و خەرجییەکان دەستەبەر بکرێت.
سەرچاوەی یەکەم زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکانە بە جۆرێک کە گواستنەوەی ئەم داهاتانە لە ڕێگەی چڕکردنەوەی شێوازەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە مسۆگەر بکرێت و ئەمەش سەرچاوە داراییە خودییەکانی دەوڵەت بەهێز دەکات و پشتبەستنی تەواو بە داهاتی نەوت کەم دەکاتەوە.
لەبارەی سەرچاوەی دووەمیش دەڵێت، فراوانکردنی بنکەی هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانە لەوانە گواستنەوەی وشکانی و دەریایی لە ڕێگەی وڵاتانی دراوسێوە بەپێی نرخە جیهانییەکانی ئێستای نەوت کە بە ڕێژەی نزیکەی 70% بەرزبووەتەوە بەراورد بە ئاستەکانی پێش سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەم فراوانبوونەش لە هەناردەکردن لە سایەی نرخی بەرزی نەوتدا یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی ئەو داهاتانەی کە پێویستن بۆ دابینکردنی خەرجی و مووچە و مسۆگەرکردنی سەقامگیریی بازاڕی ناوخۆ.
سەبارەت بە سەرچاوەی سێیەمی داهاتیش ڕاوێژکارە داراییەکەی سەرۆکوەزیران وتی پەیڕەوکردنی شێوازێکە لە سیاسەتەکانی ئاسانکاریی چەندایەتیی دیاریکراو ئەویش لە ڕێگەی هەماهەنگیی نەختینەیی و داراییەوە کە تێیدا هەماهەنگیی نێوان سیاسەتی نەختینەیی و سیاسەتی دارایی چڕ دەکرێتەوە کە بە یەدەگی دراوی بیانیی کارا پشتگیری دەکرێت بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیریی ئابووریی نیشتمانی و بەردەوامیی خەرجییە کۆمەڵایەتییە گشتییەکان بە شێوەیەک کە پێدانی مووچە و دەرماڵەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی بەبێ هیچ وەستانێک بەردەوام بێت.
مەزهەر ساڵح جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامیی ئەم سیاسەتە تەواوکارییانە داهاتی مانگانەی فەرمانبەران گەرەنتی دەکات و سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا بەهێز دەکات و ئەمەش وا دەکات عێراق بتوانێت بە کارایی و کاریگەرییەوە ڕووبەڕووی شۆکە دارایی و ئابوورییە جیهانییەکان ببێتەوە.