دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

لە بەغدا رۆژنامەنووسێکی ئەمریکی رفێندرا

هەرێم نیوز

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی بە ناوی (شێڵی کێتلۆسۆن) لە ناوچەی شەقامی سەعدوونی ناوەڕاستی بەغدا، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێیدا دەستگیرکردنی یەکێک لە تۆمەتبارانی ڕفاندنەکەی ڕاگەیاند.

بەپێی زانیارییە ئەمنییەکان، کێتلۆسۆن کە وەک ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ بۆ ئاژانسی هەواڵی ئیتاڵی و ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر کاری دەکرد، لە نزیک هۆتێل بەغدا ڕفێندراوە. دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی چڕ کردووە و لە ئەنجامی ڕاوەدوونانێکی مەیدانیدا، توانیویانە ئۆتۆمبێلێکی ڕفێنەرەکان گەمارۆ بدەن.

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کاتی هەوڵی هەڵاتندا ئۆتۆمبێلی ڕفێنەرەکان وەرگەڕاوە و هێزە ئەمنییەکان توانیویانە یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشدا بگرن. لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی شوێنی ڕۆژنامەنووسە ڕفێندراوەکە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی دیکەی ڕووداوەکە.

حکومەتی عێراق جەختی کردەوە کە ڕێگە بە هیچ هەوڵێک نادات بۆ تێکدانی سەقامگیریی وڵات و بە ئامانجگرتنی میوانە بیانییەکان، و هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرێتە بەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP