هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا و لە وەڵامی نیگەرانییە ئەمنییەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، دووپاتی کردەوە کە عێراق بە هیچ شێوەیەک لایەن نییە لەو ململانێیەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ئەوەی عێراق یەکێکە لەو دەوڵەتانەی زۆرترین کاریگەریی سیاسی و ئابووری و ئەمنی ئەم جەنگەی لەسەرە، بەڵام هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەت ئەوەیە کە وڵاتەکە لەو ململانێیانە بە دوور بگرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هەندێک لایەن یان کەسایەتی، بەدەر لە ئاراستەی فەرمیی دەوڵەت، هەوڵ دەدەن بەکاری تاکلایەنە یان بە قۆستنەوەی ناونیشانی وەزیفی، هەندێک کار ئەنجام بدەن کە گوزارشت لە سیاسەتی فەرمیی عێراق ناکات.
حکومەت جەختی کردەوە کە ئەم ڕەفتارانە بە "کارێکی دەرچوو لە یاسا" هەژمار دەکرێن و نابێت وەک هەڵوێستی دامەزراوەکانی دەوڵەت ببینرێن، چونکە حکومەت هەڵوێستی کردەیی و ئاشکرای دژی ئەو جۆرە کارانە هەیە.
وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پەرەسەندنی ململانێکان و پاشەکشەی پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئاستەنگی گەورەی بۆ عێراق دروست کردووە لە هەوڵەکانیدا بۆ کۆنترۆڵکردنی لێکەوتەکانی جەنگ.
عێراق ڕایگەیاند کە لەم قۆناغەدا کە وڵات لەژێر سایەی حکومەتی کاربەڕێکەردایە، هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ڕێگری لە هەر گرژییەک و پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و بەرژەوەندییە بیانییەکان و هاووڵاتیان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا کە لە ڕێکەوتی 2ی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، حکومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی بە گرتنەبەری هەموو ڕێکارە پێویستەکان دووپات کردەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی خاکی عێراق نەبێتە شوێنێک بۆ دەسپێکردنی هیچ کارێکی دوژمنکارانە و پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی وەک لە پێشینەی کارەکانی دەمێنێتەوە.