هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (Al Jazeera English)، ستراتیژیی نوێی وڵاتەکەی سەبارەت بە بەردەوامیی شەڕ، چارەنووسی گەرووی هورمز و سەقامگیریی سیستەمی سیاسیی تاران ئاشکرا کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵوێستی توندی تاران بەرامبەر پێشنیازە نێودەوڵەتییەکان ڕاگەیاند و وتی:
• ڕەتکردنەوەی ئاگربەست: "ئێمە باوەڕمان بە ئاگربەست نییە، بەڵکو باوەڕمان بە کۆتاییهێنان بە شەڕ هەیە لە هەموو بەرەکاندا."
• ئاشتیی گشتگیر: عێراقچی جەختی کردەوە کە کۆتاییهاتنی شەڕ دەبێت گشتگیر بێت و لوبنان، یەمەن، عێراق و ئێران بگرێتەوە.
سیستەمی ئێران و پرسی "شەهیدبوونی" سەرکردەکان
سەبارەت بە کاریگەریی کوژرانی سەرکردە باڵاکانی ئێران لە هێرشەکانی ئەمدواییەدا، عێراقچی ڕایگەیاند:
• پێکهاتەیەکی تۆکمە: کۆماری ئیسلامی پێکهاتەیەکی سیاسیی وای هەیە کە بوون یان نەبوونی هیچ تاکێک کاریگەریی لەسەر نییە.
• جێگرەوەی دەستبەجێ: "تەنانەت کاتێک ڕابەریش شەهید بوو، سیستەمەکە بەردەوام بوو و جێگرەوەی دابین کرد؛ ئەگەر هەر کەسێکی تریش شەهید بێت، دۆخەکە وەک خۆی دەبێت."
• دیارنەمانی لاریجانی: لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر لاریجانی، بە تەنزەوە وتی: "نازانم بۆچی تا ئێستا ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان دەستیان بەو خاڵە نەگەیشتووە."
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا کە بارودۆخی گەرووی هورمز وەک پێشوو نامێنێتەوە:
1. قەدەغە لە دوژمن: گەرووی هورمز ڕێڕەوێکی ئاوییە لە تەنیشت ئێران و ڕێگە نادەین دوژمنەکانمان بەکاری بهێنن.
2. ڕێکخستنی نوێ: عێراقچی ئاشکرای کرد کە دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، پێویستە "پرۆتۆکۆڵێکی نوێ" بۆ چۆنییەتی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دابڕێژرێتەوە.