هەرێم نیوز
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە باڵیۆز تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا، نێردەی تایبەتی ترەمپ سڵاوی سەرۆکی ئەمریکای گەیاندە مەسرور بارزانی و دەستخۆشی لێ کرد بۆ بڕیاری ئامادەیی هەرێم لە هاوکاریکردنی حکومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە گفتوگۆکەدا ڕایگەیاند، تیمی هەرێمی کوردستانی ڕاسپاردووە تەواوی ئاسانکارییەکان بۆ هەناردەکردنی نەوت بکەن، چونکە ئەم هەنگاوە لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکدایە لەم دۆخە سەختەدا. مەسرور بارزانی جەختی کردەوە کە هەولێر ئەوەی پێویست بێت بۆ بەرژەوەندی گشتی ئەنجامی دەدات، هاوکات داوای لە واشنتن کرد وەک "چاودێر" بەردەوام بێت لە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەت لە پرسەکانی گومرگ و ئەو ئابڵۆقە بازرگانییەی خراوەتە سەر هەرێم.
لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی زیاتری هاوئاهەنگییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کردەوە، بە مەبەستی پاراستنی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە لەم قۆناغە هەستیارەدا.