هەرێم نیوز
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیاری دا بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەمشەوی ئەنجومەنەکەدا نەکات، ئەمەش بەهۆی "پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆ" لە دیاریکردنی خشتەی کارەکانیدا.
فراکسیۆنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، خشتەی کاری کۆبوونەوەی ئەمشەو بەبێ ڕەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجومەن دانراوە، ئەمەش پێچەوانەی ماددەکانی (٩) و (٣٧)ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانە.
فراکسیۆنی پارتی جەخت دەکاتەوە کە کۆبوونەوەکە بە شێوەی ئێستای "پێچەوانەی ڕێوشوێنەکانی یاسادانانە" و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە پابەندی پەیڕەوی ناوخۆ بێت، بە مەبەستی پاراستنی شکۆ و متمانەی دامەزراوەی یاسادانان لە عێراقدا.