دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکی حکومەت: ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر هەرێم مووچەخۆری بەغدان و بەرپرسیارێتییەکەشی لە ئەستۆی عێراقدایە

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی و قەیرانەکان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامێکی گرنگی لەبارەی دۆخی ئەمنی و پرسی نەوت بڵاوکردەوە و دڵنیایی دایە خەڵکی کوردستان کە هەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنیان دەیکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی 3ـی 2026، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو و دواتریش کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی ساز کرد.

لە سەرەتای قسەکانیدا، سەرۆکی حکومەت دڵنیایی دایە خەڵکی کوردستان کە مان و مردنیان پێکەوە دەبێت و هەموو هەنگاوێکی پێویست دەنێن بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.

سەبارەت بە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە توندی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هێرشانە هیچ پاساوێک هەڵناگرن و ئەنجامدەرانیشیان مووچەخۆری حکومەتی فیدراڵین.

هەر لەم چوارچێوەیەدا جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیاری یەکەمە لە ڕاگرتنی ئەو هێرشانە، هاوکات ستایشی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کرد و سوپاسی هاوپەیمانانیشی کرد بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکان.

سەبارەت بە پرسی نەوت، سەرۆکی حکومەت ڕوونی کردەوە کە ئەوان لەگەڵ هەناردەکردنەوەی نەوتدان و هەرێم هیچ ڕێگرییەکی لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق نەکردووە، بۆیە پێویست بە موزایەدەی سیاسی ناکات.

هەروەها ئاشکرای کرد کە خودی هێرشەکان هۆکاری سەرەکین بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، و لە هەمان کاتیشدا داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد بەرژەوەندیی خەڵک لەبەرچاو بگرن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی سەبارەت بە ئاسایشی ناوخۆ دڵنیایی دا کە هەرێمی کوردستان تووشی هیچ کێشەیەکی کەمیی خۆراک نابێتەوە.

لە کۆتاییشدا سەبارەت بە سیستەمی ئەسیکۆدا دووپاتی کردەوە کە ڕێگرییان لە جێبەجێکردنی نەکردووە و ڕەزامەندن لەسەری، بەڵام پێویستە میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی لە ڕێگەی هەرێمەوە بێت و ئەمەش کاتی دەوێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP