هەرێم نیوز
دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی تاران کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران هەر جۆرە مینێکی لە گەرووی هورمز دانا بێت، دەبێت دەستبەجێ هەڵیانبگرێتەوە، ئەگەر نا ڕووبەڕووی لێکەوتەی سەربازیی وا دەبێتەوە کە پێشتر وێنەی نەبینرابێت.
ئەم پەیامەی تڕەمپ دوای ئەوە هات کە تۆڕی "سی بی ئێس نیوز" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا ئاماژەگەلێکیان بەدی کردووە کە دەریدەخەن کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی گرتنەبەری هەنگاوە بۆ "مینڕێژکردنی گەرووی هورمز".
تڕەمپ لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمییان بەدەست نەگەیشتووە کە چاندنی مینەکان پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام کشانەوەی ئێران لەو هەنگاوە و هەڵگرتنەوەی ئەو مینانەی ئەگەری هەیە داینابن، بە "هەنگاوێکی گەورە لە ئاراستە ڕاستەکەدا" لەقەڵەم دەدات.