هەرێم نیوز
ئێران بە فەرمی کوژرانی سەردار ئەبولقاسم بابائیان، فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا و چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای سەربازی پشتڕاست دەکاتەوە، کە تەنیا چەند ڕۆژێک بوو لە شوێنی فەرماندەیەکی دیکەی کوژراو دەستبەکار ببوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئاداری 2026، میدیاکانی ئێران هەواڵی کوژرانی چەندین بەرپرسی باڵای سەربازیی وڵاتەکەیان پشتڕاستکردەوە.
سەردار حەسەنزادە، فەرماندەی سوپای محەممەد ڕەسووڵەڵڵای تاران، کوژرانی سەردار ئەبولقاسم بابائیانی بە فەرمی ڕاگەیاند.
ڕاشیگەیاند کە سبەی چوارشەممە لە شاری تاران ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بۆ بەڕێوەدەچێت.
حەسەنزادە ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕێوڕەسمەکەدا تەرمی ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای دیکەش بەڕێدەکرێن کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا کوژراون.
لە نێو کوژراوەکاندا ناوی عەبدولڕەحیم مووسەوی، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان و محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران دەبینرێت.
هەروەها عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای بەرگری و عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریش لە هێرشەکاندا کوژراون.
لیستی کوژراوەکان محەممەد شیرازی، سەرۆکی نووسینگەی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش دەگرێتەوە
.
جگە لەوانەش، سەردارانی وەک دەڕەباغی، عەلی تاجیک، داوود عەسکەری، حوسێنیی مومتەڵەق، هیلالی و ڕەزائیان گیانیان لەدەستداوە.
پێشتر لە ڕۆژی 8ی ئاداری 2026، ئیلا واویا، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل کوژرانی ئەبولقاسم بابائیانی ڕاگەیاندبوو.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردبوو کە بابائیان، سەرۆکی نووسینگەی سەربازیی خامنەیی و فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا بووە.
دوای هێرشەکەی ڕۆژی 28ی شوباتی 2026 و کوژرانی محەممەد شیرازی، بابائیان ڕاستەوخۆ لە شوێنی ئەو دەستبەکار ببوو.
قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا بە باڵاترین قەرارگە و فەرماندەییی سەربازی لە ئێران دادەنرێت، ئەرکی سەرەکیی ئەم قەرارگەیە بریتییە لە چاودێری و هەماهەنگی لەنێوان سەرجەم هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەدا.
ئەم دامەزراوەیە ڕاستەوخۆ سەر بە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان و نووسینگەی ڕێبەری باڵای ئێرانە.