هەرێم نیوز
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، مەترسییەکانی شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ شەممە 7ی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، هەردوو سەرۆک بەوردی تیشکیان خستە سەر دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و ئەو ئاڵنگارییانەی بەهۆی شەڕەوە دروست بوون.
هەردوولا هاوڕا بوون کە پەرەسەندنی گرژییەکان هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە لەسەر سەقامگیریی ئێستا و داهاتووی ناوچەکە.
بۆیە جەختیان لە گرنگیی گرتنەبەری ڕێگەچارەی سیاسی کردەوە، بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ململانێکان و پاراستنی گەلان لە ماڵوێرانی.
لە تەوەرێکی دیکەدا، ئەردۆغان سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی ئاراستەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی ئەرێنیی لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی تورکیا پشتیوانییەکانی هەرێمی بۆ پرۆسەی ئاشتی، بە فاکتەرێکی بنەڕەتی بۆ پێکەوەژیان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان وەسف کرد.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێم وەک هەمیشە کار بۆ ئارامی دەکات و پشتگیری لە گفتوگۆ دەکات بۆ چارەسەرییەکان.