هەرێم نیوز
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕی.
ئەمڕۆ شەممە 7ی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوو سەرۆک بەوردی دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوچەکە و لێکەوتە مەترسیدارەکانی شەڕیان تاوتوێ کرد.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی زیاتری بازنەی ململانێکان لە ناوچەکەدا.
جەختیشیان لەوە کردەوە کە دەبێت ئەو هەوڵانە بە شێوەیەک بن، کە بە زووترین کات ئاشتی و ئاسایش بۆ تەواوی گەلانی ناوچەکە بگەڕێتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێم و بەردەوامیی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوانیان گفتوگۆی لەسەر کرا.
هەردوو سەرۆک داکۆکییان لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە دۆستانە و مێژووییەکانی نێوان هەولێر و پاریس لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە.
لە کۆتاییدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ڕۆڵی پێشەنگانەی فەرەنسای کرد بۆ پاڵپشتییەکانی و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی شەڕ.