هەرێم نیوز
بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە کاتژمێر ٤:٣٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، یەکەی مووشەکیی سوپاکەیان سێ پێگەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەستەواژەی "جوداخوازەکان"ی بۆ حزبەکانی ڕۆژهەڵات بەکارهێناوە و بێ ئەوەی شوێنی وردی هێرشەکان ئاشکرا بکات، جەختی کردووەتەوە کە پێگەکانیان پێکاوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار کەمپ و بارەگاکانی ئەو حزبانە لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەوە بۆردومان کراون.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییەی تاران دوای ئەوە دێت کە دەنگۆی "خواستی ئەمریکا بۆ بەشداریی هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە جەنگی دژ بە ئێران" بڵاوبووەوە. بەرپرسانی ئێران چەندین جار هەڕەشەی توندیان لە هەرێمی کوردستان و ئەو حزبانە کردووە و هێرشەکانیان لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی چڕتر کردووەتەوە.
سەرچاوە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بنکە و پێگەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی لەژێر هەڕەشەی بەردەوامدان. ئەم هێرشە مووشەکییەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەک هەوڵێکی تاران دەبینرێت بۆ پەکخستنی هەر جۆرە ئامادەکارییەک کە ئەو حزبانە لە ناو خاکی هەرێم ئەنجامی بدەن.