هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 26ی شوباتی 2026 واژۆی لەسەر دەستنیشانکردنی دەسەڵاتەکانی فەرماندەیی دەڤەرەکان کرد.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەنگاوە بەردەوامەکانی پڕۆسەی چاکسازی لە ناو هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی تەواوی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە دەرچووە.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، فەرماندەی دەڤەرەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا خاوەن دەسەڵاتی دیاریکراو دەبن لە بوارەکانی کارگێڕی، دارایی، یاسایی، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە چەسپاندنی سیستەمێکی سەربازیی یەکگرتوو لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا ئەژمار دەکرێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە، فەرماندەیی دەڤەرەکان بە شێوەیەکی فەرمی و لەژێر ڕێنماییە یاساییەکانی وەزارەتدا کاروبارەکانیان ڕادەپەڕێنن. ئەم بڕیارە رێکارە کارگێڕی و داراییەکان لە ناو وەزارەتدا ڕێکدەخاتەوە و برەو بە دامەزراوەییبوونی هێزەکان دەدات.