دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی: عێراق لەسەر بۆمبێکی ئابوورییە!

هەرێم نیوز

ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی ئاشکرای دەکات کە قەیرانی ئابووریی عێراق قووڵترە لەوەی تەنها قەیرانی نەبوونی پارە بێت و بە "قەیرانی هەیکەلی" وەسفی دەکات، هاوکات دەرکەوتووە حکومەت بۆ دابینکردنی مووچە دەستی بۆ تریلیۆنان دیناری بانکەکان بردووە.

تۆڕی هەواڵی (میدڵ ئیست ئۆنلاین) لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، حکومەتی عێراق لە مانگەکانی ڕابردوودا ناچار بووە بڕە پارەیەکی خەیاڵی لە بانکەکان ڕابکێشێت بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بکات. بەپێی زانیارییەکان حکومەت نزیکەی 20 تریلیۆن دیناری لە بانکی ڕافیدەین و 8 تریلیۆن دیناری لە بانکی ڕەشید ڕاکێشاوە، جگە لەوەی 7 ملیار دۆلاریشی لە بانکەکانی دیکە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە بەکار هێناوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ڕواڵەتدا وا دەردەکەوێت عێراق تووشی قەیرانی نەبوونی پارە (سیولە) بووە، بەڵام شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە کێشەکە لە بنەڕەتدا پەیوەندیی بە پێکهاتەی ئابووریی عێراقەوە هەیە کە بەتەواوی پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە و ئەمەش وای کردووە بەرامبەر گۆڕانکارییە جیهانییەکان لاواز بێت.

هۆکارەکانی دیکەی ئەم دۆخە بۆ بەفیڕۆدانی دارایی، لاوازیی پلاندانان و چاودێریی خراپ لەسەر پارەی گشتی دەگەڕێتەوە. تۆڕەکە هۆشداری دەدات کە چەقبەستوویی سیاسی و بەردەوامیی حکومەتی کاربەڕێکەر ڕێگرن لە ئەنجامدانی چاکسازیی ئابووریی بەپەلە، چونکە حکومەتی کاتی دەسەڵاتی تەواوی نییە بۆ بڕیارە ستراتیژییەکان، ئەمەش عێراقی خستووەتە بەردەم دووڕیانێکی زۆر هەستیار.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP