دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

پەرلەمانی ئەوروپا: دەبێت مافی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا گەرەنتی بکرێت

پەرلەمانی ئەوروپا لە بڕیارنامەیەکی نوێدا کە بە زۆرینەی 363 دەنگی بەڵێ پەسەند کرا، داوای کرد مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی گەلی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا وەک گەرەنتییەکی یاسایی بچەسپێنرێن.

پەرلەمان جەختی کردەوە کە سەقامگیریی بەردەوام لەو وڵاتەدا تەنها لە رێگەی ناساندنی فەرمیی پێکهاتەکان و بەشداریی سیاسییانەی کورد لە پرۆسەی بڕیارداندا دێتە دی، هاوکات پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد.

لە بەشێکی تری بڕیارنامەکەدا، پەرلەمان بە توندی سەرکۆنەی هێرشە سەربازییەکانی تورکیای بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان کرد و داوای کرد دەستبەجێ ئەو هێرشانە رابگیرێن بۆ ئەوەی رێگری لە پڕۆسەی چارەسەری سیاسی نەکرێت.

پەرلەمانتاران ئاماژەیان بەوە دا کە هێرشکردنە سەر ژێرخانی سڤیل و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی لە رۆژئاوا، پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەکرێت وەک تاوانی جەنگ ئەژمار بکرێن.

دەربارەی دۆخی مرۆیی، پەرلەمان داوای کردنەوەی رێڕەوی ئارامی کرد بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ شارەکانی کۆبانێ، منبج و قامیشلۆ، بەتایبەت کە کۆبانێ لە ژێر گەمارۆیەکی تونددایە و مەدەنییەکان دەناڵێنن.

بۆ ئەم مەبەستەش پاکێجێکی هاوکاری دارایی بە بڕی 620 ملیۆن یۆرۆ بۆ ساڵانی 2026 و 2027 تەرخان کراوە، بەڵام خەرجکردنی ئەم بڕە پارەیە مەرجدار کراوە بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، رێزگرتن لە مافی ژنان و پابەندبوون بە ئاگربەست لە لایەن هەموو لایەنەکانەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP