هەرێم نیوز
سایلۆی هەولێر بانگەواز لەو جووتیارانە دەکات کە پارەی گەنمی ساڵی 2015یان وەرنەگرتووە سەردانیان بکەن، بەرپرسانی سلێمانی و دهۆکیش دەڵێن: "لای ئێمە پارەی ئەو ساڵە نەماوە و دابەش کراوە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی 2ی 2026، سایلۆی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هەر جووتیارێک پارەی گەنمی ساڵی 2015ی وەرنەگرتووە، دەتوانێت سەردانیان بکات بۆ وەرگرتنی چەکەکانیان و دوایین مۆڵەتیش ڕۆژی 25ی ئەم مانگەیە.
لە بەرامبەردا، نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی ڕایگەیاند: "پارەی گەنمی ساڵی 2015 لە سنووری ئێمە نەماوە و پێشتر هەمووی دابەش کراوە."
هەروەها نازم محەمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆکیش هەمان زانیاریی پشتڕاست کردەوە و وتی: "پارەی ساڵی 2015ی جووتیارانی سنووری دهۆک نەماوە و هەمووی وەرگیراوە."
ئەمە لەکاتێکدایە ساڵانە بەغدا پارەی گەنمی جووتیاران دوا دەخات و تا ئێستا لە کۆی زیاتر لە 300 ملیار دیناری شایستەی ساڵی ڕابردوو، کەمتر لە 100 ملیار دیناری ناردووە.