هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا، مژدەی نزیکبوونەوەی دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی بە فەرمانبەران و مووچەخۆران دا.
وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد کە دوای هەوڵ و بەدواداچوونی وردی تیمەکانیان، سەرجەم ڕێکارە ئیداری و ژمێریارییەکان لە فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ (لە بەغدا) بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ١ تەواو کراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە ئێستادا تەنها چاوەڕێی گەیشتنی "تەمویل" (پارە)کە دەکرێت بۆ سەر هەژماری وەزارەت. وەزارەتی دارایی جەختی کردەوە کە "لە نزیکترین کاتدا" و دوای گەیشتنی پارەکە، دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکان دەکرێت.
ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی تەکنیکی دێت لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ یەکلاکردنی لیستی مووچەخۆران و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە بەبێ دواکەوتن بگاتە دەستی مووچەخۆران.