دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

بارزانی: دەمانەوێت ئاگربەستی نێوان دیمەشق و هەسەدە بەردەوام بێت

هەرێم نیوز

بارزانی لەگەڵ بەرپرسێکی پێشووی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە و جەخت لە "بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی" لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکاتەوە، ئەمەریکاش ڕۆڵی بارزانی لە نێوەندگیریی نێوان دیمەشق و هەسەدە بەرز دەنرخێنێت.

بە گوێرەی راگەیەنراوی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی 2ی 2026، لە پیرمام، بارزانی پێشوازیی لە ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ عێراق و ئێران و بەرپرسی بەشی دەستپێشخەریی عێراق لە "ئەتلانتیک کانسڵ" کرد.

لە دیدارەکەدا، دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان تەوەرێکی سەرەکی بوو، ڤیکتۆریا تەیلەر ڕۆڵی بارزانیی بەرز نرخاند لە هەوڵەکانی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و نوێنەری ئەمەریکا، بە مەبەستی جێگیربوونی ئاگربەست و دەستپێکردنی دیالۆگ.

لای خۆیەوە بارزانی ڕایگەیاند: "دەمانەوێت ئاشتی و ئارامی لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بەرقەرار بێت و ئاگربەستی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوام بێت."

بارزانی جەختیشی کردەوە کە پێویستە هەردوولا پابەند بن بە ڕێککەوتنەکەی نێوانیان بۆ نەمانی شەڕ و ئاڵۆزی و وتیشی: "لەو پێناوەشدا هەرچییەک بە ئێمە کرابێت لە ڕووی نێوەندگیری و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی، ئەنجاممان داوە."

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP