هەرێم نیوز
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕوونکردنەوە لەبارەی گرانبوونی پارەی کارەبا دەدات و ڕایدەگەیەنێت، "نرخ زیاد نەکراوە"، بەڵام پسوولەکە هی 46 ڕۆژە و پێشنیاری درێژکردنەوەی داشکاندنیش دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی 2ی 2026، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەی (ڕووناکی) و کارەبای 24 کاتژمێری چەند بڕیار و ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.
عەزیز ئەحمەد هۆکاری زۆریی بڕی پارەی پسوولەکانی ئەم مانگەی ئاشکرا کرد و گوتی: "پسوولەی ئەم مانگە کە بۆ خەڵک چووەتەوە هی 46 ڕۆژی ڕابردووە، ئەمەش بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکی لە چاپکردنی پسوولە بووە."
بەڵام مژدەی ئەوەی دا کە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوە، "لە مانگی داهاتوودا تەنها پسوولەی 14 ڕۆژیان بۆ دەچێتەوە."
سەبارەت بە دەنگۆی گرانبوونی نرخ، بەرپرسەکەی حکومەت دڵنیایی دا: "بە هیچ شێوەیەک دەستکاریی نرخی کارەبا نەکراوە، بەڵام بۆ مانگی ڕابردوو زۆرینەی هاووڵاتییان 50% وزەی زیاتریان بەکارهێناوە."
لەبارەی ئاسانکارییەکان بۆ هاووڵاتیان، عەزیز ئەحمەد ئەم خاڵانەی خستە ڕوو:
بۆ دانی پارەی کارەبا، سێ هۆشداری و 50 ڕۆژ مۆڵەت دەدرێتە هاووڵاتییان.
یەکێک لە پێشنیارەکان ئەوەیە ماوەی 30 ڕۆژەی داشکاندن درێژ بکرێتەوە.
ئەو ماڵانەی تاوەکو ئێستا پسوولەیان بۆ نەچووەتەوە، پارەکەیان بۆ دەکرێتە قیست و داشکاندنیان بۆ دەکرێت.