هەرێم نیوز
تیمی پڕۆژەی (هەژماری من) ڕایدەگەیەنێت، دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک لە ئەمڕۆوە دەست پێ دەکات و زیاتر لە 680 هەزار مووچەخۆر دەگرێتەوە، هاوکات ژمارەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە زیاد کراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی 2ی 2026، تیمی پڕۆژەی (هەژماری من) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، مووچەی مانگی یەک لە ڕێگەی هەژمارەکەوە لە ڕۆژانی (11، 12 و 13)ی شوبات دابەش دەکرێت.
بەپێی داتاکان، کۆی گشتیی سوودمەندبووان لەم مانگەدا گەیشتووەتە 680 هەزار و 100 مووچەخۆر، کە بەم شێوەیە دابەش بوون:
فەرمانبەرانی مەدەنی: 343 هەزار.
هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە: 208 هەزار.
خانەنشینان: 115 هەزار.
لە ڕووی جوگرافییەوە، پارێزگای هەولێر بە 336 هەزار سوودمەند لە پلەی یەکەمدایە، بەدوای ئەویشدا پارێزگای دهۆک و سلێمانی دێن کە هەریەکەیان نزیکەی 172 هەزار سوودمەندیان هەیە.
تیمەکە ئاماژەی بەوەش داوە، پرۆسەکە گەشەکردنی بەخۆیەوە بینیوە و تا ئێستا زیاتر لە 900 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە و 712 هەزار کارت دابەش کراوە. هەروەها بۆ ئاسانکاریی زیاتر، ژمارەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) بۆ 542 ئامێر لە 200 شوێن زیاد کراون، واتە بەراورد بە مانگی ڕابردوو 25 ئامێری نوێ دانراون.