هەرێم نیوز
سەرچاوە ئەمنییەکان وردەکاریی نوێ و مەترسیدار سەبارەت بە پرۆسەی گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق ئاشکرا دەکەن، کە تێیدا زیندانییەکان ڕاشکاوانە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە پاسەوانەکان دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی (شەرق ئەلئەوسەت) کە لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە وەریگرتووە، لە کاتی گواستنەوەیاندا کە بە دەست و قاچی بەستراوەوە بووە، بەشێکی زۆر لە زیندانییەکان "سوێندیان خواردووە" کە ئەگەر لە زیندانەکان هەڵبێن، پاسەوانەکان و خێزانەکانیان دەکوژن.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق کە بەرپرسیاری یەکەمی گواستنەوە و دابینکردنی ئاسایشی ئەم زیندانیانەیە، چەند ڕێنماییەکی توندی بۆ پاسەوانەکان دەرکردووە:
• قەدەغەی ئاخاوتن: پاسەوانەکان بۆیان نییە هیچ جۆرە قسەوباسێک یان کارلێکێک لەگەڵ زیندانییەکان بکەن.
• پاراستنی ناسنامە: دەموچاوی زیندانییەکان داپۆشراوە بۆ ئەوەی نەتوانن شوێن و پاسەوانەکان بناسنەوە.
• نەناسینی زمان: زۆربەی پاسەوانەکان لە نەتەوە و زمانی جیاوازی زیندانییەکان تێناگەن، کە ئەمەش وەک ڕێکارێکی ئەمنی بۆ ڕێگری لە هەر جۆرە گفتوگۆیەک دانراوە.
زۆربەی ئەو چەکدارانەی لە سووریاوە هێنراون، لە زیندانە "قەڵادارەکان" و ناوەندە ئەمنییە زۆر پارێزراوەکانی بەغدا و شاری حیللە جێگیر کراون، کە بە توندترین سیستەمی ئەمنی دەورە دراون.