دواین هەواڵ

ئابوری‌

 5 رۆژ پێش ئێستا

سەرچاوەیەک: لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا نوسراو بۆ خەرجکردنی مووچە دەکرێت

هەرێم نیوز

ڕاوێژکارێکی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەکرێ دواکەوتن لە دابەشکردنی مووچەدا هەبێ، بەڵام مووچە نافەوتێ و سەرچاوەیەكیش لە دارایی عێراق دەڵێت: سبەینێ‌ دەست بە ڕێكاری ناردنی مووچە بۆ هەرێم دەكرێت و لە دوو ڕۆژدا مووچە خەرج دەكرێت.

د. مەزهەر محەمەد، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، پارەی هەموو مووچەکانی ئەمساڵ دابین دەکرێ و دۆخی دارایی وڵاتیش جێگیرە.

ئاماژە بەوەش دەکات، کە دواکەوتنی مووچە تەنیا پەیوەستە بە رێکارە تەکنیکییەکانەوە، بەڵام مووچە نافەوتێ‌.

لای خۆشیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: عێراق کێشەی نەختینەی هەیە، بەڵام لە پێدانی مووچە بەردەوام دەبێت.

جەمال کۆچەر وتوشیەتی: “عێراق ئەگەر بگاتە ئەو ڕادەیەی دەست ببات بۆ پارەی یەدەگی بانکی ناوەندیش، هەر مووچە دەدات. دۆخی ئێستای عێراق دژوارە، بەڵام پێشتریش لە کاتی شەڕی داعش و سەردەمی کۆرۆنا کە نرخی نەوت بۆ 20 دۆلار دابەزی، حکومەت هەر بەردەوام بوو لە پێدانی مووچە.”

هاوكات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ میدیا عێراقییەكان ئاشکرایکرد، ”گرفتێکی بچووک هەیە لە کۆکردنەوەی پارەی نەختینە، بەڵام مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و عێراق مسۆگەرکراوە.”

ئاماژەی بەوەشداوە، سبەی لەگەڵ دەستپێکی دەوامی وەزارەتی دارایی عێراق، رێکارە رۆتینییەکانی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی کانوونی دووەم دەستپێدەکات.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا نوسراو بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP