هەرێم نیوز
یانەی بەرشەلۆنە، ئەمڕۆ شەممە، بە فەرمی کشانەوەی خۆی لە پڕۆژەی خولی سوپەر لیگی ئەوروپا ڕاگەیاند، ئەم هەنگاوەش وەک گورزێکی بەهێز و یەکلاکەرەوە بۆ ئومێدەکانی ئەنجامدانی ئەم پاڵەوانێتییە لە داهاتوودا دادەنرێت.
یانە کەتەلۆنییەکە لە بەیاننامەیەکی کورتدا ڕایگەیاند: «یانەی بەرشەلۆنە ئەمڕۆ ڕایدەگەیەنێت کە بە فەرمی کۆمپانیای خولی سوپەری ئەوروپا و یانە پەیوەندیدارەکانی لە کشانەوەی خۆی لە پڕۆژەی خولی سوپەری ئەوروپا ئاگادار کردووەتەوە».
ئەم بڕیارەی بەرشەلۆنە هەوڵەکانی بەردەوامبوونی پڕۆژەکە لاواز دەکات و دەبێتە گورزێکی ڕاستەوخۆ بۆ ڕکابەرەکەی، ڕیاڵ مەدرید و سەرۆکەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، کە سەرکردایەتی هەوڵی ژمارەیەک لە یانە گەورەکانی ئەوروپای دەکرد بۆ زیندووکردنەوەی پاڵەوانێتییەکە، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکی زۆری هاندەران و یەکێتییە وەرزشییەکان.
بە کشانەوەی بەرشەلۆنە، چانسی گەڕانەوەی خولی سوپەری ئەوروپا بۆ پێشەوە کەمدەبێتەوە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی کەمبوونەوەی پاڵپشتی ئەو یانە گەورانەی کە لە سەرەتای ڕاگەیاندنی پڕۆژەکەوە بڕبڕەی پشتی بوون.