هەرێم نیوز
سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا)، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە سەرەڕای بارودۆخی جەنگ و گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە مۆندیالی 2026 لە خاکی ئەمریکا پێشوازی لێدەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی 3ـی 2026، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام ئاشکرای کرد کە لەگەڵ دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا کۆبووەتەوە و تەوەری سەرەکی قسەکانیان بارودۆخی ئێستا و بەشداریی هەڵبژاردەی ئێران بووە لە مۆندیالی داهاتوو.
بەپێی گوتەکانی ئینفانتینۆ، تڕەمپ جەختی کردووەتەوە کە "بە دڵنیاییەوە لە هەڵبژاردەی ئێران بۆ ڕکابەریکردن لەم پاڵەوانێتییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوازی دەکرێت"، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنیا 93 ڕۆژ بۆ دەستپێکردنی یارییەکان ماوە و ناوچەکە لەناو قەیرانێکی بێپێشینەی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلدایە.
لە لایەکی دیکەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد تڕەمپ پشتیوانی خۆی بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنانی ئێران دەربڕی، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ناڕەزایەتی نیشان دا و داوای لە فیفا کرد کە ڕێگری بکات لەوەی سەرۆکی ئەمریکا دەستوەردان لە کاروباری وەرزشی و هەڵبژاردەکانیاندا بکات.
ئەم قەیرانە لە مێژووی مۆندیالدا بە دەگمەن دادەنرێت، کە یەکێک لە تیمە سەرکەوتووەکان بۆ قۆناغی کۆتایی، لە جەنگێکی ڕاستەوخۆدابێت لەگەڵ وڵاتی خانەخوێ (میواندار)ی تورنۆمێنتەکە.