دواین هەواڵ

وەرزش‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای ڕۆیشتنی لیڤاندۆڤسکی؛ هانزی فلیک دوو داواکاریی بەپەلە ئاراستەی کارگێڕیی بارسێلۆنا دەکات

هەرێم نیوز

دوای ئەوەی بە فەرمی ڕۆیشتنی ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پۆڵەندی لە ڕیزەکانی بارسێلۆنا یەکلایی بووەوە، هانزی فلیک، ڕاهێنەری یانەکە دوو داواکاریی بەپەلەی ئاراستەی کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە کردووە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هێڵی پێشەوەی تیپەکەی.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی 5ـی 2026، دوای ئەوەی دوێنێ ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بە فەرمی ماڵئاوایی لە هاندەرانی بلاوگرانا کرد، میدیاکانی ئیسپانیا وردەکاریی پلانەکانی هانزی فلیکیان بۆ قۆناغی داهاتوو ئاشکرا کرد.

ئەستێرە پۆڵەندییەکە کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە کۆتایی دێت، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە ئینستاگرام نووسیبووی، دوای چوار ساڵی پڕ لە ئاستەنگ و کاری جددی، کاتی هەنگاونان بەرەو پێش هاتووە، و لە کاتێکدا دەڕوات کە هەست دەکات ئەرکەکەی بە باشی تەواو کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی (سپۆرت)ـی کەتەلۆنی، هانزی فلیک داوای لە کارگێڕیی بارسێلۆنا کردووە کە دەستبەجێ گرێبەستی فێران تۆرێس نوێ بکەنەوە، و لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتووشدا گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێکی نوێی سەرەڕم واژۆ بکەن.

گرێبەستەکەی تۆرێس لە حوزەیرانی ٢٠٢٧ کۆتایی دێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەوانەیە لە ناوەڕاستی وەرزی داهاتوودا گوێ لە دەستەوارەی یانەکانی دیکە بگرێت، فلیک دەیەوێت مانەوەی ئەو یاریزانە مسۆگەر بکات، بەتایبەتی کە زۆر سەرسامە بە ئاستی یاریزانەکە لەم وەرزەدا کە توانیویەتی ٢١ گۆڵ تۆمار بکات.

سەبارەت بە شوێنگرەوەی لیڤاندۆڤسکیش، تاوەکو ئێستا کارگێڕیی بارسێلۆنا لەسەر ناوێکی دیاریکراو ڕێکنەکەوتووە، بەڵام هەریەک لە جواو پێدرۆ، یاریزانی چێڵسی و جولیان ئەلڤارێز، یاریزانی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دیارترین بەربژێرەکانن بۆ ئەو پۆستە. 

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆفیسی سکاوتینگ و بەدواداچوونی یانەکە هەر لە مانگی نیسانی ڕابردووەوە سەرقاڵی کۆکردنەوەی سیڤی و لێکۆڵینەوەیە لە پڕۆفایلە پێشکەشکراوەکانی یاریزانان بۆ دۆزینەوەی باشترین بژاردە کە لەگەڵ پلانەکانی داهاتووی یانەکەدا بگونجێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP