هەرێم نیوز
بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا دەکات و پەیامی دۆناڵد ترەمپی پێ دەگات، هاوکات داوا دەکات مافی کورد لە داهاتووی سووریادا پارێزراو بێت.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ شەممە 17ی 1ی 2026، بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە تۆم باراک، نوێنەری سەرۆک ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، تۆم باراک سڵاو و ڕێزی سەرۆک ترەمپی گەیاند و "پێزانینی بۆ ڕۆڵی بارزانی هەبوو لە پڕۆسەی ئاشتی و هێورکردنەوەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا."
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆخی سووریا و جەخت کرایەوە کە بۆ گەیشتن بە چارەسەر دەبێت پشت بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ببەسترێت.
لای خۆیەوە بارزانی وێڕای سوپاسکردنی ڕۆڵی ئەمەریکا، جەختی کردەوە کە "پێویستە لە داهاتووی سووریادا مافەکانی گەلی کورد گەرەنتی بکرێت."
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانی :
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا دەكات
ڕۆژی شەممە 17ی كانوونی دووەمی 2026 لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز تۆم باراك نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا و شاندی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا كە بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەی بوو، بەڕێز تۆم باراك سڵاو و ڕێزی سەرۆك ترامپی بە سەرۆك بارزانی گەیاند، هەروەها پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە پڕۆسەی ئاشتی و هێوركردنەوەی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی سووریا.
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوایین گۆڕانكارییە مەیدانیەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لەوە كرایەوە كە بۆ گەییشتن بە چارەسەریی كێشەكان پێویستە پشت بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و شێوازی ئاشتیانە ببەسترێت.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ڕۆڵی ئەمەریكای لە یارمەتیدانی لایەنەكانی سووریا كرد بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە لە داهاتووی سووریادا مافەكانی گەلی كورد گەرەنتی بكرێت.