هەرێم نیوز
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشداری دەدات لە مەترسیی سەر ژیانی خەڵکی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و ڕەتیدەکاتەوە حکوومەت ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵ کردبێت، هاوکات سەرچاوەکان باس لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە 10ی 1ی 2026، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ژیانی دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ناوچە کوردنشینەکان بەهۆی تۆپبارانی توندەوە لە مەترسیدایە و هێزەکانی حکوومەت دامەزراوە مەدەنی و پزیشکییەکان دەکەنە ئامانج.
ڕوانگەی سووری ڕەتی دەکاتەوە هێزەکانی حکوومەت کۆنترۆڵی تەواوەتیی شێخ مەقسوودیان کردبێت و میدیای دەوڵەت بە "چەواشەکاری و بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست" تۆمەتبار دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا ئەو دەنگۆیانەی حکوومەتی کاتیی ڕەتکردەوە کە گوایە "تونێلیان لەژێر نەخۆشخانەی خالید فەجر دۆزیوەتەوە" و جەختیان کردەوە کە هیچ تونێلێکیان لەوێ نییە.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییانە، میدیاکان ئاشکرایان کرد کە ئاگربەست لەو پێکدادانانە ڕاگەیەندراوە کە چەند ڕۆژێکە لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بەردەوامە.