دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

وردەکاریی هێرشە دڕندانەکانی سەر شێخ مەقسوود؛ ئاسایشی ناوخۆ چۆڵکردنی نەخۆشخانەی خالید فەجری ڕاگەیاند

هەرێم نیوز

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب، ڕاگەیەندراوێکی کۆتاییان دەربارەی هێرشە خوێناوییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بڵاوکردەوە و تێیدا وردەکاریی ئەو "بەرخۆدانە" و هۆکارەکانی قبوڵکردنی ئاگربەستیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە ڕێکەوتی ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بە پاڵپشتی تانک، تۆپ، زرێپۆش و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەستپێکرد. ئاسایشی ناوخۆ جەختی کردەوە کە ئامانجی ئەم هێرشە "قڕکردنی گەل و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە" بووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی گەڕەکەکان، بڕیاری بەرەنگاربوونەوە دراوە و هێزەکانیان بە بوێرییەوە ڕووبەڕووی هێرشبەران بوونەتەوە. ئاسایش دەڵێت: "هیچ خۆڕادەستکردنێکمان قبوڵ نەکرد و قبوڵیشی ناکەین"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەم زووانە ناسنامەی ئەو شەهیدانەی لەم شەڕەدا گیانیان بەخت کردووە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەنەوە.

یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی ڕاگەیەندراوەکە، ئاماژەدانە بە دۆخی نەخۆشخانەی (خالید فەجر). ئاسایش ڕایگەیاند کە هێرشبەران دەیان جار بە چەکی قورس و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەکە کە تەنها ناوەندی تەندروستی بووە بۆ چارەسەری سەدان برینداری مەدەنی، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ ئەنجامدانی "کۆمەڵکوژی" وەسف کراوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هۆکاری قبوڵکردنی ئاگربەستەکە ڕوون کراوەتەوە و هاتووە: "بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژیی زیاتر و گواستنەوەی برینداران، ژنان و منداڵان بۆ ناوچە ئارامەکان، پابەندی ئاگربەست بووین و نەخۆشخانەی شەهید خالید فەجریش چۆڵکرا." هێزەکانی ئاسایش جەختیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە خەبات بۆ پاراستنی ئیرادەی گەلەکەیان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP