دواین هەواڵ

عێراق‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

لایەنە سوننەکان لەسەر دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان بڕیاریان دا

هەرێم نیوز

ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی بە فەرمی "هەیبەت حەلبووسی" وەک کاندیدی بەهێز و تاقانەی پێکهاتەی سوننە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستنیشان کرد.

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ لە نێوان لایەنە سەرکەوتووەکانی ناو ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی کە پێکهاتوون لە هاوپەیمانییەکانی (تەقەددوم، سیادە، حەسم و جەماهیری وەتەنی)، بڕیاردراوە هەیبەت حەلبووسی وەک کاندیدی زۆرینەی لایەنە سوننەکان بۆ ئەو پۆستە بپاڵێورێت.

خەنجەر داوای لە لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراق کرد ڕێز لەو بڕیارە بگرن کە نوێنەرایەتی زۆرینەی پێکهاتەکە دەکات، تاوەکو پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت خێراتر بکرێت.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەی دووشەممە، ٢٩ی کانوونی یەکەم، ئەنجومەنی نوێنەران بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی کۆببێتەوە.

هاوکات فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، هۆشداری داوە کە دانیشتنەکەی سبەی نابێت دوابخرێت و دەبێت ئەنجامەکەی یەکلایی بکرێتەوە، بە پێچەوانەوە هەر دواخستنێک وەک پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەستووری عێراق هەژمار دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP