دواین هەواڵ

عێراق‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرکردەیەکی فەتح: مالیکی و سوودانی بۆ سەرۆکوەزیران دوورخراونەتەوە؛ عەبادی بەهێزترینە

هەرێم نیوز 

سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی فەتح ئاشکرای دەکات، کۆدەنگی هەیە پۆستی سەرۆکوەزیران بدرێتە حەیدەر عەبادی و ئەحمەد ئەسەدیش بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان دیاری کراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی 12ی 2025، مەحموود حەیانی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی فەتح ڕایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانیی تەواوی محەمەد شیاع سوودانی ناکات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی و بەدووریشی دەزانێت پۆستەکە بۆ نووری مالیکی بێت، بەپێچەوانەوە "کۆدەنگییەک هەیە پۆستەکە بدرێتە حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسڕ."

ئەو سەرکردەیە ئاماژەی بەوەش دا، بە ئەگەری زۆرەوە ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کاندید دەکرێت و ڕای زۆرینەی لەسەرە.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش، حەیانی پێشبینی دەکات موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم پۆستەکە وەربگرێت و جەخت دەکاتەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێز لە بڕیاری ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان دەگرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە سبەی دووشەممە 29ی 12ی 2025، یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان بۆ سوێندخواردن و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بەڕێوە بچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP