هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا پەردەی لەسەر ستراتیژییەکی نهێنی ئیسرائیل لادا کە ئامانج لێی لاوازکردنی حکومەتە نوێیەکەی سووریایە. ئەم ڕاپۆرتە لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانی عێراقدا کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت بەهۆی ئاماژەکردن بە هەندێک نەخشە کە تا سنوورەکانی عێراق درێژ دەبنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024، زنجیرەیەک کاری نهێنی دەستپێکردووە کە خۆی لە پشتگیریکردنی میلیشیا دروزەکان و ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی و داگیرکردنی هەندێک ناوچەی ستراتیژی دەبینێتەوە. ئیسرائیل، ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا وەک هەڕەشە دەبینێت و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دروستکردنی ناوچەی سەربەخۆ بۆ کەمینەکان، ڕێگری لە یەکگرتنەوەی دەسەڵاتی دیمەشق بکات.
بەشێکی سەرەکی ئەم پلانە پشتگیری دارایی و سەربازییە بۆ دروزەکانی سووریا، بە جۆرێک کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل سەدان پارچە چەک و کەرەستەی سەربازییان بۆ میلیشیایەک بە ناوی "ئەنجومەنی سەربازی" گواستووەتەوە. جگە لەوەش، مانگانە بڕی 100 تا 200 دۆلار وەک مووچە بە نزیکەی 3000 شەڕکەری دروز دەدرێت.
یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی ڕاپۆرتەکە، ئاماژەکردنە بە هەوڵەکانی شێخ حیکمەت ئەلهەجەری بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی درزی سەربەخۆ. باس لەوە کراوە کە هەجەری هەندێک نەخشەی ئامادە کردووە کە تێیدا سنووری دەوڵەتە پێشنیارکراوەکە تا ناوخۆی خاکی عێراق درێژ دەبێتەوە و ئەم نەخشانەی نیشانی چەند وڵاتێکی ڕۆژئاوایی داوە.
لەلایەکی تەرەوە، توێژەرە ستراتیژییەکانی عێراق گومانیان لە ڕاستی ئەم نەخشانە هەیە. حسێن عومران، پسپۆڕی کاروباری ئەمنی ڕایدەگەیەنێت کە دوای بەدواداچوون بۆ ڕاپۆرتە ئەسڵییەکەی واشنتن پۆست، دەرکەوتووە کە باسەکە زیاتر لەسەر دروستکردنی " پشتێنەیەکی ئەمنی" یە نەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە خاکی عێراق بگرێتەوە. ئەو توێژەرە پێی وایە جێگۆڕکێی دیمۆگرافی و جوگرافیای ناوچەکە ڕێگە نادات دەوڵەتێکی درزی بگاتە سنووری عێراق، چونکە ئەو ناوچانە زۆرینەیان هۆزە عەرەبەکانن.
لەکۆتاییدا ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم جووڵانەی ئیسرائیل بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە واشنتن، چونکە ئەمریکا پشتگیری لە جێگیربوونی دەسەڵاتی حکومەتی نوێی دیمەشق دەکات بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.