پیرۆزباییکردنی موسڵمانان لە مەسیحییەکان و یەکتریی بەهۆی سەری ساڵی
زاینییەوە کە هەموو ساڵێک لەم رۆژانەدا دەبێتە بابەتێک و زۆرترین جەدەل دروستدەکات،
ژمارەیەکی زۆر لە موسڵمانان دەڵێن ڕێگەپێدراو نییە و کەمینیەیەکیش دەڵێن ئاساییە،
نەک هەر ئەوە بەڵکو رێگە نادرێت ناوى جەژنیشى لێبنرێت و بگرە ژمارەیەکیشیان هێندە
توند مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکەن کە هیچى تێدا ناهێڵنەوە و تەنانەت پیرۆزباییکاریش
کافر دەکەن، بەڵام (دار الأفتاء)ـى میسری ئەم جەدەلەى کۆتایی پێهێنا و بڵاویکردەوە
هەرچەندە بابەتەکە خیلافییە، بەڵام لە ڕووى شەرعەوە هیچ کێشەیەکی نییە و جائیزە پیرۆزبایی
لە مەسیحییەکان بکرێت.
ئەو دامەزراوە شەرعییەى میسر بە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانى جیهانى ئیسلامی
و وڵاتى میسر دادەنرێت و گوێ لە فەتواکانى دەگیرێت، لە بەیاننامەکەیاندا هاتووە پیرۆزباییکردن
لە مەسیحییەکان بەهۆی هاتنى سەری ساڵیی زاینییەوە هیچ کێشەیەکی شەرعی تێدا نییەو و
پێچەوانە نییە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامی، تیایدا هاتووە ئەو بۆنەیە بەشێک نییە لە عیبادەت
و دەرچوون نییە لە بازنەى شەریعەتی ئیسلامی وەک هەندێک لە توندڕەوەکان لێکدانەوەى
بۆدەکەن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئاهەنگ گێڕان بەهۆی نوێبوونەوەی ساڵی زاینی
بۆنەیەکی کۆمەڵایەتى و مرۆییە، لە ئێستادا بۆنەکە گۆڕاوە و زۆرینەى کۆمەڵگە و وڵاتانی
جیهان (بەجیاوازیی ئاینییانەوە) ئاهەنگی تێدا دەگێڕن و هەمووان وەک عیبادەت و بابەتێکی
ئاینیی سەیری ناکەن، بەڵکو وەک گۆڕانکاریی لە ساڵ و ژمارەکاندا سەیری دەکەن، ئاهەنگ
گێڕان لەو بۆنەیەدا مرۆڤ لە ئایین دوور ناخاتەوە و پیرۆزباییکردنیش کێشەیەکی دینى
دروست ناکات، بەڵکو ئەو جۆرە بۆنانە پەیوەندیی دروستدەکات و پێکەوەژیان بەهێزتر دەکات.
هیچ بەریەککەوتنێک لەگەڵ مەبەستەکانى شەریعەت (مقاصد الشریعة) دروست ناکات.
لیژنەى فەتوای میسر (دار الأفتاء) ئاماژەیان بە بۆچوونى ژمارەیەک لە
فەقیهـ و زانایانى ئیسلامی کردووە لەوانەش ئیمامى شافیعی کە بۆچوونى وایە پیرۆزبایی
کردن لە هەر کەسێک لە سەری ساڵ و مانگەکان هیچ کێشەیەک دروست ناکات ئیتر ئەو کەسە
موسڵمان یان ناموسڵمان و ئەهلى کیتابیش بێت، بە گوێرەى فەتواکە نە بیدعەیە و نەحەرام.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە بەشداریکردن و پیرۆزبایی کردنی موسڵمانان لەم
بۆنەیەدا لەڕووی شەرعییەوە هیچ کێشەیەکی نییە و ئەو بۆنەیە سروشتێکى کۆمەڵایەیتى و
بۆنەیەکی خۆش و دروستکردنى پەیوەندیی وەرگرتووە، ئەوانەش هیچ پێچەوانە نین لەگەڵ شەریعەتى
ئیسلامیی.
لە پەراوێزی فەتواکەى وڵاتی میسردا ئاماژە بەوەشکراوە کە جیاوازییە فیقهیەکانى
نێو ئومەتی ئیسلامیی پاشخانی سیاسی و هەندێک ناکۆکیی مەزهەبیی و فیکرییان لە پشتەوە
بووە، بۆ سەردەمی خۆیان باش بووە، بەڵام مەرج نییە فەتوا بۆ هەموو قۆناغێک و هەموو
تەمەن و شوێنێک گونجاو بێت، ئەم بابەتەش یەکێکە لەو بابەتانە لە سەردەمانێکدا کە مەسیحییەکان
وەک عیبادەت و بابەتێکی ئاینیی لێیان روانییوە بۆیە موسڵمانەکانیش فەتواى حەرامییان
دەرکردووە، بەڵام لە ئێستادا ئامانج و دیدگاکان گۆڕاون بۆیە دەبێت فەتواکانیش گۆڕانکارییان
بەسەردا بێت.
ئاماژە بەوەشکراوە لەم سەردەمەدا موسڵمانەکان زیاتر لە هەموو سەردەمێک
پێویستیان بە یەکبوون و پێکەوە ژیان و دروستکردنى پەیوەندیی هەیە لەگەڵ دەرەوەى خۆیان،
بەشداریکردنی ئەرێنی بە رەچاوکردنى بنەما سەرەکییەکانى بیروباوەڕەوە کارێکی ئاسایی
و رێگە پێدراوە، ئامانجی گەورەى ئیسلامیش بڵاوە پێکردنى ئاسایش و ئارامییە نەک پێچەوانەکەى.